Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
 

مەترسی پاشماوەی نەخۆشخانەكان لەسەر ژینگە

بەپێی پێناسەكردنی ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریكا (EPA)، پاشماوە پزیشكییەكان بریتین لە: (هەر پاشماوەیەكی دەرچوو لەدامەزراوەیەكی چارەسەركردنی پزیشكی وەك نەخۆشخانە و تاقیگە و نۆرینگە پزیشكییەكان و ئەوانی هاوشێوەیان).لەكۆتایی پێناسەكەوە دیارە كە شوێنی دیكەش هەن پاشماوەی پزیشكییان هەیە، وەك بنكە تەندروستییەكان و بانكی خوێن و سەنتەرەكانی توێژینەوەی پزیشكی و نۆرینگەكانی ددان و نورینگەكانی ڤێتێرنەری و دەرمانخانەكانی نێوماڵان.وەك پێویستییەكی هەمیشەیی مرۆڤیش، بوونی نەخۆشخانەی گەورە لەشار و شارۆچكەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ و بایەخدارە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دیارە كە نەخۆشخانەكانیش وەك هەر دامەزراوەیەكی دیكە پاشماوەی رۆژانەی جۆراوجۆر فڕێدەدەن.
پاشماوەی نەخۆشخانەكان لەوانەیە لەچاو پاشماوەی گشتی شاردا لەبڕدا كەم بێت، بەڵام لەجۆردا زۆر ترسناكە.
بۆ روونكردنەوەیەكی ساكار، دەكرێت ئاماژە بەوە بدەین كە پاشماوەی نەخۆشخانەكان دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:

1 - پاشماوە ئاساییەكان: وەك خواردەمەنی و كاغەزو كارتۆن.

2 - ماددە بەكارهاتووەكان : وەك قوتوی دەرمان و چبس و پلاستەر و لۆكە و شووشە و سرنج و چەقۆ..

3 - پاشماوەی نەشتەرگەری: وەك پارچەی بڕاو لە لەش، پێست، خوێن، قژ، ئێسقان و ماددەكانی دوای نەشتەرگەری وەك كیسەی پلاستیكی و ماددەی تاقیگەكان و.. هتد

4 - پاشماوەی پشكنین و دەرخستن: وەك ماددەی وێنەگرتن و تیشكی ئێكس..

5 - دەرمانی ماوە بەسەرچوو، یان گەڕاوە، گیراوەی ماوە بەسەرچوو.

جۆرەكانی ئەم پاشماوانەش هەتا زۆرتر بن، جیاكردنەوەو كۆكردنەوەو كۆگاكردن و گواستنەوەیان قورستر دەبێت، وەك لە نەخۆشخانە گەورەكاندا دەبینرێت.

بەڵام لە بنكە تەندروستییە بچووكەكاندا دەتوانرێت ئەم پاشماوانە بۆ دوو جۆر پۆلێن بكرێن:

یەكەم: پاشماوەی ناپزیشكی كە دەخرێنە حاویەی رەنگ دیاریكراوەوە.

دووەم: پاشماوەی پزیشكی كە پێویستە بخرێنە حاویە رەنگ جیاوازەكانەوە و بۆ گواستنەوەشیان ئۆتۆمبێلی تایبەت هەبێت كە شوێنی شۆفێرەكە جیاكراوەتەوە لە شوێنی پاشماوە پزیشكییەكان و شۆفێرەكانیش راهێنانیان پێكراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی تەندروست لەگەڵ ئەم پاشماوانەدا.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە كە ئێستا لەگەڵ دامەزراندنی خەستەخانەی ئەهلی و تایبەتدا پێویستە چاودێری گشت نەخۆشخانە حكومی و تایبەتەكان بەتوندی بكرێت لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە پاشماوانە دەكەن، چونكە تێكەڵكردنی لەگەڵ ئەوانی دیكەدا كارەساتی تەندروستی و ژینگەیی گەورە دروست دەكات.

بۆیە پێویستە بۆ هەر جۆرێك لەو پاشماوانە چارەسەری گونجاو هەبێت نەك تەنها پەنا ببرێتە بەر سووتاندن كە دەركەوتووە سووتاندن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دایۆكسین كە ناوێكە نزیكەی (75) ماددەی كیمیاوی لەخۆدەگرێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجەو كاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و گەشەكردنی، چونكە دایۆكسین لەئەنجامی سووتاندنی ئەو ماددە پلاستیكیانەوە پەیدا دەبێت كە لەبنەڕەتدا ماددەی (كلۆر)یان تێدایە، ئەمە جگە لەوەی كە ماددەی (جیوە)ش لە سووتاندنی ئەو پاشماوانە پەیدا دەبێت و كاریگەری خراپی هەیە لەسەر مێشك و گورچیلە و جگەر.

بۆیە چارەسەری نوێ ئێستا سووتاندن نییە، بەڵكو بریتییە لەخاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) كە بەگەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەكرێن و ماددەی دایۆكسینی مەترسیداریش نایەتە بەرهەم.

بۆیە پێویستە نەخۆشخانەكان هەر جۆرێكی پاشماوە لەوانی دی جیابكەنەوە و پاشماوەكان تێكەڵ نەكەن. چونكە بەشێوەیەكی گشتی هەر جۆرەو چارەسەرێكی هەیە، هەروەها دەبێت واز لەشێوازی سووتاندن بهێنین، چونكە سووتاندن ئێستا لە ئەمەریكاو ژاپۆن و زۆر وڵاتانی دی بەرەو كۆتایی دەچێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، هەروەها هێشتنەوەی پاشماوەكانیش لەزەویدا بێ چارەسەر هۆكارێكی دیكەی نەخۆشی كوشندەیە.

ئەركی جیاكردنەوەو كۆكردنەوەو كۆگاكردن و گواستنەوەی ئەم پاشماوانەش دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك : وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ژینگە كە دواتر چارەی ئەم پاشماوانە دەكەن لەڕێگەی: هەڵماندن یان تیشكەوەری یان كیمیاوی.

لەدوای ئەنجامدانی یەكێك لەم رێگەچارانە ئەوسا ئاساییە ئەم پاشماوانە مەترسییان نامێنێت لەسەر تەندروستی مرۆڤەكان و هەر ئەوساش دەتوانرێت وەك هەر پاشماوەیەكی ئاسایی لێی رزگار بین.

جا بۆیە جێی خۆیەتی كە دەگوترێت پاشماوەی نەخۆشخانەكان ترسناكترین جۆری پاشماوەكانن و لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و زیادبوونی نەخۆشخانەكانیشدا بڕ و جۆری ئەو پاشماوانە زیاتر دەبن.



عبدالرحمان سدیق